پەیکەر لە میزۆپۆتامیا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-30-23:51:00 - کۆدی بابەت: 3954
پەیکەر لە میزۆپۆتامیا
مێژوو

پەیکەرتاشی لە میزۆپۆتامیا ، پەیکەر ، پەیکەرتاشی ، میزۆپۆتامیا

ناوه‌ڕۆك

دروستکردنی پەیکەر لە میزۆپۆتامیا

دانیشتوانی عێراقی کۆن لە بواری پەیکەرتاشی بەهرەدار و باڵادەست بوون، زۆر نموونە و ئاسەواری ئەم شآرستانییەتە جێماوە، ئەو پەیکەرانەی لەسەر بەرد و تاتە و کێڵ هەڵکۆڵدراون ژمارەیان لە پەیکەرە (موجەسەمەکان) کە بۆ کەسایەتی و خواوەندەکان دروستکراون زیاترە. لەوانە سەری کچێکی سۆمەری شوێنەواری لە دێرینی وەرکا دۆزراوەتەوە کە لە مەڕمەڕ دروسکراوە، هەروەها چەندین پەیکەری کەسایەتی دیکە کە لە گڵکار فەخفوری دەست کراوە لە ناوچەی دیالە دۆزراوەتەوە، لە شآری نەینەوا پەیکەرێک دۆزراوەتەوە لە برۆنز دروست کراوە و وێنەی پاشا سەرجۆنی ئەکەدییە.
میری سۆمەرییەکان گۆدیا چەندین پەیکەری جێهێشتووە کە لە بەردی (دیوارتی) ڕەش دروست کراوە و زۆر نووسراوی لەسەر ڕوویدا هەیە، کە میری سۆمەری وا دەردەکەوێت بە شێوەیەکی بچووک سەر و ڕیشی تراشاوە، ئەمەش وەکو ڕێزێک بۆ پەیکەری خواوەند کە هەردەم پەیکەری شێوە گەورە بوون، لەگەڵ گەورەکردنەوەی هەردوو چآو و هەردوو گوێ. پاشای ئەکەدی نەرام سین چەندین پەیکەری جێهێشتووە، یەکێ لەوانە پەیکەری ناوچەی دەربەندی گاورە کە نزیک قەرەجاغ لە کوردستاندا، کە تیایدا پاشای ئەکەدی وا دەردەکەوێت بەسەر شاخدا هەڵدەگەڕێت و تاجی قۆچداری لەسەرە، ئەمەش هاوشێوەی میلی سەرکەوتنە کە شا نەرام سین دەردەخات سەرکەوتبوو بەسەر لۆلۆییەکان.
لە ساڵی ١٩٧٥ز دا پەیکەرێکی بڕۆنزی دۆزرایەوە لە گوندی باسلەکێ) کە لە نێوان شآری سێمێل و زاخۆ کە پەیکەری نەرام سینی ئەکەدی بوو. هونەری پەیکەرتاشی لە لای ئاشوورییەکان زۆر گەشەی سەندبوو، ئەمەش بە زۆری پەیکەری خواوەندەکان و پاشاکانیان خۆی دەنواند، هەروەها پاشا ئاشوورییەکان تابلۆی دیواربەندیان لە کۆشکەکانیان هەڵدەواسی، کە لەسەریدا وێنەی جەنگ و جەژنی شێریان نەخشاندبوو، هەروەها میلی ڕەشی پاشا شەلمەنەسری سێیەم وێنەیەکی ئەمجۆرە پەیکەرە دیارانەیە کە تیایدا پاشآ دەرکەوتووە و وەستاوە و پێشوازی لە هاتنی میللەتە ژێردەستەکان دەکات، پاشای ئاشووری (سەنحاریب) زۆر پەیکەری دیاری لەسەر بەردەکانی زێی کۆمل لە نزیک دەربەندی باڤیان لە نزیک گوندی خەنەس، تیایدا پاشا وەستاوە و لە بەرامبەر خواوەندی ئاشوورییەکاندا، ئەم دیمەنە لە چوار کەژاوەی نەخشێنراو دەردەکەوێت لەسەر بەردی ئەشکەوتی هەڵامەتا لەسەر چیایەک لە باشووری شاری دهۆک. ئەو کاتە پەیکەرتاشی ئاشووری گەیشتە لووتکە، کاتێک کە پەیکەری زۆر گەورەیان دروست دەکرد و تیایدا (فریشتەی پاسەوان) وەک گا دەردەکەوێت و باڵی هەیە، پەیکەرەکە لە قەبارەی گایە، بەڵام سەری مرۆڤی پێوەیە و دوو باڵی هەیە و پێنج قاچیشی هەیە، ئەم پەیکەرانە لەسەر دەروازەی کۆشکی پاشاکان دانرابوون، تاوەکو گەورەی و شان و شکۆ بدات بە کۆشکی پاشاکان و هێمای بەهێز و دەوڵەت نیشان بدات.


سەرچاوەکان



1336 بینین